ئەنجومەنی ئابووری پێشنیاری پێداچوونەوە بە لێکەوتە داراییەکانی هەر ڕێوشوێنێک دەکات کە دەگیردرێتەبەر
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئابوری کرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئابوری کرد، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە وەزیری دارایی وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و پیشەسازی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و سەرچاوەکانی ئاو و وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەت و بەڕێزان ئەمینداری گشتی ئەنجومەن وەزیران و پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند ڕاوێژکارێکی پەیوەندیدار".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ، لە کۆبوونەوەکەدا "تاوتوێی بابەتەکانی بەرنامەی کار و بەدواداچوون بۆ هەوڵەکانی حکومەت کرا بۆ زیادکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی پێشوو، ئەنجومەنەکە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بەرێوەبەرایەتی کۆکردنەوەی داهاتی لە وەزارەتی دارایی پەسەند کرد کە پێکهێنانی لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنەکە پەسەندکرا".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ،سودانی "جەختی لە گرنگی هەڵبژاردنی کارمەندانی شارەزا کردەوە بۆ کارکردن لەم بەڕێوەبەرایەتییە بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە خوازراوەکانی پێکهێنانی".
ئاماژەی بەوەشکرد کە ، ئەنجومەنەکە "ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەدەرکردنی دەزگا ئەمنی و پزیشکییە فریاگوزاریەکان لە بڕیاری کەمکردنەوەی پاڵپشتی سووتەمەنی، کە لە کۆبوونەوەیەکی پێشوودا درابوو".
هەر بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران "جەختی لە گرنگی پێداچوونەوە بە کاریگەرییە دارایی و ئابوورییەکانی هەر ڕێوشوێنێک کردەوە کە لەم چوارچێوەیەدا دەگیرێتەبەر و ئاماژەی بەوەکرد کە ڕێبازی چاکسازییە بنەڕەتییە ئابوورییەکانە و ئامانجی پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانییە لە ئایندەیەکی نزیکدا و پاڵپشتی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی بەدەست هێناوە".
