عێراق ئامادەکردنی ستراتیژییەک بۆ ڕاکێشانی 10 ملیۆن گەشتیاری بیانی دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی گەشتوگوزار، ئامادەکردنی ستراتیژییەک بۆ ڕاکێشانی 10 ملیۆن گەشتیاری بیانی بە هاوکاری ڕێکخراوێکی ئەڵمانی ئاشکرا کرد.
عەلی یاسین، وتەبێژی فەرمیی دەستەکە لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "ستراتیژی نیشتمانی بۆ گەشتوگوزار کە پێشتر تا ساڵی 2035 بوو، نوێکراوەتەوە بۆ ساڵی 2045، و سەرجەم شوێنەوار و ناوچە کەلەپوورییەکانی گرتووەتەوە، لەگەڵ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی بەردەوامی لە نۆژەنکردنەوە و چاککردنیاندا، هەندێک جاریش سوود لە شارەزایی وڵاتە پێشکەوتووەکان لەم بوارەدا وەردەگیرێت، بەهۆی هەستیاریی کارکردن لە شوێنەوارەکان و پێویستی پاراستنی ناسنامە مێژووییەکەیان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە ئێستادا چەندین شوێنەواری گرنگ لە ژێر پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بەردەوامدان، لەوانە: عەقەرقووف، کۆشکی عەباسی و تاقی کیسرا"، ڕوونیشیکردەوە کە "کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی عێراقی لە 10ی تەممووزەوە دەستیپێکردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ دووبارە کردنەوەی لە ماوەی داهاتوودا."
یاسین باسی لەوەش کرد کە "ستراتیژییەکە بە هاوکاری ڕێکخراوی (GIZ)ی ئەڵمانی ئامادەکراوە، و ئامانجی ڕاکێشانی 10 ملیۆن گەشتیاری بیانییە تا ساڵی 2035 بۆ سەردانی شوێنەوار و ناوچە کەلەپوورییەکانی عێراق."
جەختیشی کردەوە کە "کەرتی گەشتوگوزار ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لە سەروویانەوە پێویستی بە یاسای هاوچەرخ کە لەگەڵ گەشەسەندنی جیهانیی ئەم پیشەسازییە بگونجێت، هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاری گەشتیاری بە کوالێتی بەرز و ئاسانکاری لە ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزا"، جەختیشی کردەوە کە "گەشتوگوزار ئاوێنەی پێشکەوتنی دەوڵەت و ڕەنگدانەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ژێرخانەکەیەتی."
