سبەی... خەرجکردنی پاداشتی کارمەندانی بنکەکانی دەنگدان لە سێ پارێزگا
ئەمڕۆ دووشەممە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ڕایگەیاند کە سبەی سێشەممە شایستە داراییەکانی (پاداشت) کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی بەسرە، دهۆک و میسان خەرج دەکرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) کەوتووە، ڕایگەیاند: "ئیدارەی هەڵبژاردن لە ڕێگەی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی کۆمیسیۆنەوە، پارەی تایبەت بە پاداشتی کارمەندانی دەنگدانی لە سێ پارێزگا خستووەتە سەر کارتەکانی (ماستەر کارد)، کە بریتین لە پارێزگاکانی (بەسرە، دهۆک، و میسان)."
ئاماژەی بەوەش کرد: "پاداشتەکان سبەی سێشەممە لە ڕێگەی 41 بنکەی تۆمارکردن لە هەر یەک لە پارێزگاکانی میسان و دهۆک، و 76 بنکەی تۆمارکردن لە پارێزگای بەسرە دابەش دەکرێن."
وتیشی: "پێویستە کارمەندانی دەنگدان سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی کارتەکانی ماستەر کاردی تایبەت بە خۆیان"، ڕوونیشیکردەوە کە کۆمیسیۆن "بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ڕافیدەین بۆ تەواوکردنی دابەشکردنی ماستەر کاردەکانی تر بەسەر نووسینگەی پارێزگاکاندا کە ڕێژەی دابەشکردنیان گەیشتووەتە 90%، و دواتر کۆمیسیۆن یەک لە دوای یەک پارەیان تێدا خەرج دەکات."
