بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە پاڵاوگەی بێجی کرێکارێک گیانی لەدەستداوە
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، رایگەیاند، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە پاڵاوگەی بێجی، کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و چەند کەسێکی تریش بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
دووشەممە 9ـی شوباتی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، ئاگرەکە لە یەکەی باشترکردنی بەنزین لە پاڵاوگەی "سەلاحەدین 2" لە بێجی کەوتووەتەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "تەرمی کرێکارێک بە سووتاوی دۆزراوەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادوەری کراوە، هەروەها 6 بۆ 8 کرێکاری دیکە بەهۆی دووکەڵەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و بۆ چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتی بێجی."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاماژەی بەوە کردووە، ئیدارەی پاڵاوگەکە وەک رێکارێکی خۆپارێزی کارکردنی لەو یەکە زیانلێکەوتووەیەدا ڕاگرتووە.
لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ دیاریکردنی هۆکاری تەقینەوەی "کۆمپرێسەر"ی یەکەکە و هەڵسەنگاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە رێکاری توندی ئەمنی و سەلامەتی لەناو پاڵاوگەکەدا گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی هاوشێوە.
