ئاربیلوا: کیلیان مباپێ باشترین یاریزانی جیهانە
ئاربیلوا جەختیکردەوە شایستەی بردنەوە بوون و مباپێ بە هەمان ریتمی کریستیانۆ رۆنالدۆدا دەڕوات.
ئەلڤارۆ ئاربیلوای راهێنەری ریاڵ مەدرید دوای بردنەوەیان لە ڤالانسیا وتی: ئێمە دەمانزانی بۆ کوێ دێین، ئەگەر هەڵە نەبم لە 11 ساڵی ڕابردوودا تەنها سێ بردنەوەمان لە مێستایا هەبووە، وەک یاریزان چەندین جار هاتوومەتە مێستایا و دەزانم ئەم یاریگایە هەمیشە چ ئاڵانگارییەک دروست دەکات.
وتیشی: یاریکردن لە مێستایا هەمیشە وەک چوونە لای پزیشکی ددان وایە مەبەستم ئەوەیە پڕە لە ئازار و ناڕەحەتی، دەمانزانی یارییەکی چەند قورس و پڕ ئاڵۆزی دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنەکە بەهۆی پتەوی، پابەندبوون و ئەنجامدانی یارییەکی زۆر جدییەوە هات، پێێ وایە شایستەی بردنەوە بوون پێویستیان بە دانبەخۆداگرتن بوو، ئەوەشیان ئەنجامدا.
ئاربیلوا دەشڵێت: لە ئێستادا مباپێ باشترین یاریزانی جیهانە بەهۆی ئەوەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ و یاری لە دوای یاری نیشانی دەدات، بە هەمان ریتمی کریستیانۆدا دەڕوات، ڤالڤێردیش لە هەر شوێنێکی یاریگا دایبنێیت ئاستێکی ناوازە پێشکەش دەکات.
