دەوڵەتی یاسا و بەدر جەخت لەسەر گرنگی یەکخستنی هەنگاوەکان و تەواوکردنی دیمەنی سیاسی دەکەنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە نووسینگەی خۆی لەگەڵ شاندێکی فراکسیۆنی پەرلەمانی بەدر بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار هومام تەمیمی کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی گشتیی سیاسی و ئەمنی وڵات و ڕێگاکانی پتەوکردنی سەقامگیری و هاوکاریی نێوان هێزە نیشتمانییەکان.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی نووسینگەی مالیکی، کە دەستی موتەڵع کەوتووە، هەردوولا ڕوونیان کردووەتەوە کە "هاوئاهەنگی هەڵوێستەکانی نێوان هێزە سیاسی و پەرلەمانییەکان جەوهەری و گرنگە لەپێناو یەکخستنی هەوڵەکان و بەشداریکردن لە دەرکردنی یاسای گرنگ کە خزمەت بە هاوڵاتی عێراقی بکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "هەروەها جەخت لەسەر گرنگی هەنگاوی کاریگەر بۆ تەواوکردنی پێکهێنانی دەسەڵاتە دەستوورییەکان و دەستەبەرکردنی کارکردنی دروستی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەشێوەیەک کە لەگەڵ خواستە نیشتمانییەکان بگونجێت کرایەوە".
