مالیکی: حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە
ئەمڕۆ چوارشەممە، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، جەختیکردەوە: حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە، بە یاسا پەسەند کراوە و پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، هەر بۆیە هەر باسێکی پەیوەندیدار بە هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی، تەنها لە ڕێگەی دەستوورەوە دەبێت نەک بە پڕوپاگەندە.
مالیکی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ كردووە، دەڵێت: "ئەولەویەتی ئەمڕۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم و تێکەڵکردنی ئەو نییە، بەڵکو چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یەکخستنی بڕیاری ئەمنییە. حەشدی شەعبی بەشێکە لە مەنزومەی ئەمنیی عێراق و بە یاسا دامەزراوە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەشی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێرۆردا."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد: "هەر ڕێکخستنێک یان پەرەپێدانێک بۆ کارەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان، دەبێت لە چوارچێوەی دیدگای دەوڵەتدا بێت و بە جۆرێک بێت کە سەروەری و سەقامگیری بپارێزێت، نەک بە مەزادکردنی میدیایی."
لە کۆتاییدا وتی: "حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی فەرمییە، هەر قسەیەک لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان تێکەڵکردنی تەنها لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و بە بڕیاری دەوڵەت دەبێت، نەک بە پڕوپاگەندە. هەر پەرەپێدانێک بۆ حەشد گرنگە و دەبێت لە لاوازبوون بپارێزرێت و پشتیوانی لە ئامادەباشی جەنگییەکەی بکرێت."
