عێراق پێنج هەزار و 704 دەستگیرکراوى سەر بە زیاتر لە شەست وڵات لە زیندانەکانی سوریاوه وەردەگرێت
ئەمڕۆ هەینی، سەنتەری نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند، ژمارەی گشتیی ئەو کەسانەی سەر بە تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشن و لە زیندانەکانی سووریاوە گواستراونەتەوە، گەیشتووەتە 5704 تۆمەتبار کە نوێنەرایەتی 61 وڵات دەکەن.
ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "ژمارەی عێراقییەکان 467 کەسە و ژمارەی عەرەبەکان 4253 کەسە، لە کاتێکدا ژمارەی بیانییە ناعەرەبەکان گەیشتووەتە 983 تۆمەتبار، زۆرترین ژمارەش هی ڕەگەزنامەی سووری بووە کە 3543 کەسە."
ئەوەشی خستە ڕوو کە "دیارترین ڕەگەزنامە بیانییەکان لە وڵاتانی ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا، نەمسا، ئیسپانیا، سویسرا، دانیمارک، پۆڵەندا، ڕووسیا و ئۆکرانیاوە بوون، جگە لە ئوسترالیا، کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەفریقای باشوور، نیوزلەندا و شانشینی یەکگرتوو (بەریتانیا)."
ئاماژەی بەوەش کرد، "دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم کە تایبەتە بە دۆسیەکانی تیرۆر، دەستبەجێ دوای گەیشتنیان دەستی کردووە بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تۆمەتبارانی قەوارەی تیرۆریستی داعش بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەریان، هاوکات ئەرکی گواستنەوەی سەرجەم تۆمەتباران بۆ ناو عێراق کۆتایی پێ هاتووە."
