چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی هەڵمەتەکانی گرژیی ڕاگەیاندن دەدات
ئەمڕۆ هەینی، سکرتارییەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، بڕیاری دا دەستبەجێ هەڵمەتەکانی گرژیی ڕاگەیاندن ڕابگیرێن و لێپرسینەوەش لەگەڵ هەر کەسێک بکرێت کە ئەم ڕێککەوتنە دەشکێنێت و ڕادەستی دادگا بکرێت.
سکرتارییەتی گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ ڕاگرتنی ئەو مشتومڕ و هەڵمەتە ڕاگەیاندنانەی کە ئاراستەیەکی وایان گرتووەتە بەر سوکایەتی بە هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوە و قەوارە بەڕێزەکانی دەکەن، لیژنەی ڕاسپێردراو لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئەمڕۆ هەینی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا."
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە ڕاگرتنی دەستبەجێی هەڵمەتەکانی گرژیی ڕاگەیاندن و لێپرسینەوە لەگەڵ هەر کەسێک کە ئەم ڕێککەوتنە پێشێل دەکات و ڕەوانەکردنی بۆ دادگا تاوەکو سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرێت."
