فەیاز بۆ بەرپرسێکی تورکیا: هەرجۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری عێراق ڕەتدەکەینەوە
ئەمڕۆ شەممە فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ، جەختی لە سەر گرنگی پاراستنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و ڕێزگرتن لە نۆرمەكانی دیپلۆماسی، بۆ ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی توركیا لە عێراق كردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەیاز لە ڕاگەیەندراوێکدا كەدەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاندووە: فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ، لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازی لە ئەنیل بۆرا ئینان باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد.
ئاماژە بەوەشكراوە : لە میانی كۆبوونەوەكەدا باسیان لە ڕێگاكانی بەرزكردنەوەی هاوكاریی دوو قۆڵی و بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی ئەمنی بە شێوەیەك كرد كە ئاسایشی هەردوو وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەكە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە فەیاز جەختی : لەسەر پێویستی پاراستنی پەیوەندی دۆستانە لەنێوان عێراق و توركیا و ڕێزگرتن لە نۆرمەكانی دیپلۆماسی بەتایبەت دوای لێدوانەكانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی توركیا كردەوە، جەختیشی لە ڕەتكردنەوەی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی لە كاروباری عێراق كردووەتەوە.
