عێراق داوا لە نەمسا دەكات گەشتە ڕاستەوخۆكانی نێوان بەغدا و ڤیەننا بكاتەوە
ئەمڕۆ شەممە فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، داوای لە نەمسا كرد، ڕێگای فڕینی ڕاستەوخۆی نێوان بەغدا و ڤیەننا بكاتەوە.
بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوە كە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە كردووە : كە فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە لە پەراوێزی 62ەمین كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ وەزیری ناوخۆی نەمسا جێرارد گارنكەڕ و شاندی یاوەری كۆبووەوە.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەشكردووە : لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە كراوە، لەوانەش ڕێكارەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بەپێی مەرجە دەستوورییەكان، هەروەها دۆخی گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان لە سووریا.
بەگوێرەی بەیاننامەكە حسێن ستایشی پێشكەوتنی ئەرێنی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆستدا كردووە، بەتایبەتی لە بوارەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كۆچ و تاوانە ڕێكخراوەكان، جەختی لەسەر گرنگی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی هەماهەنگی و هاوكاری هاوبەش كردووەتەوە.
وەزیری دەرەوە داوای دەستپێكردنەوەی گەشتە ڕاستەوخۆكانی نێوان بەغدا و ڤیەننا بە لەبەرچاوگرتنی پێشكەوتنی بەرچاوی ئاسایشی عێراق، كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بوژاندنەوەی گەشت و ئاڵوگۆڕی ئابووری و گەشتیاری لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
لای خۆیەو گارنەر ڕەزامەندی خۆی لە ئاستی هاریكاری نێوان عێراق و نەمسا دەربڕی، پێشوازی لە بانگهێشتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە بۆ سەردانی عێراق و كۆبوونەوە لەگەڵ عەبدولئەمیر شمری وەزیری ناوخۆ و بەرپرسانی دیكەی پەیوەندیدار، كە دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاسۆی هاوكاریی دووقۆڵی لە بوارە جیاجیاكانی بەرژەوەندی هەردوولا.
