شاسوار عەبدولواحید: لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە
شاسوار عەبدولواحید دەلێت، لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنیان هەیە و تا ئێستا رێککەوتنی نوسراویان نییە، وتیشی لێکتێگەشتنەکە بۆ هاوسەنگکردنی هێزە و لە بەرژەوەندی هەموولایەکە، باسی لەوەشکرد، دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان یاسای بودجە هەبێت و داهات دیار بێت.
ئەمڕۆ شەممە ١٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئەم حکومەتەی ئێستا حکوم دەکات چوار ساڵە بە نایاسایی بەردەوامە و هەندێک لە وەزیرەکانی ئێستا دەسەڵاتی خەرجکردنی ملیۆنێک دیناریان نیە.
لەبارەی رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی باسی لەوەکرد، "لەگەڵ یەکێتی لێکتێگەیشتنمان هەیە و تا ئێستا رێککەوتنی نوسراومان نیە، لێکتێگەیشتنەکەمان لەگەڵ یەکێتی بۆ هاوسەنگکردنی هێزە و دەمانەوێت هاوسەنگی هێز بگەڕێنینەوە چونکە ناکرێت هەر هەشت پۆستە سیادییە گرنگەکە لای پارتی بێت".
هاوکات لەبارەی نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ئاماژەی بەوەشکرد، لە هیچ وڵاتێکی دونیا نیە مووچەکەت بدەی بە کرێی کارەبا و بەبێ ئەوەی مووچەخۆر مانگی ملیۆنێک دیناری هەبێت حکومەت بە پارەی کارەبا و گومرگ ٤٠٪ـی دەبڕێت.
لەسەر بابەتی داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆک رایگەیاند، داخستنی نوسینگەکانی ئێن ئاڕ تی لەلایەن پارتیەوە بۆ ئیحراجکردنی یەکێتیە.
