عێراقچی ڕەخنە لەئەوروپا دەگرێت کۆنفرانسی میونشن بە سێرکی میونشن ناودەبات
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کەلە ژێر ناونیشانی (وەرزی داهاتووی ئێران) بەڕێوەچووە، گۆڕاوە بۆ "سێرکی میونشن".
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەکاردانەوە بە بەڕێوەچوونی دوو پانێڵ لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەژێر ناونیشانی (وەرزی داهاتووی ئێران) و وتارەکەی شازادە ڕەزا پەهلەوی لەو کۆنفرانسەدا وتی "جێگەی داخە ئەم کۆنفرانسە لە بابەتی ئێراندا گۆڕاوە بۆ سێرکی میونشن".
وتیشی "یەکێتیی ئەوروپا وادیارە سەرلێشێواوە؛ ڕەگی ئەم سەرلێشێواوییەش لە ناتوانایی لە تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانەدایە کەلە ناوخۆی ئێراندا ڕوو دەدەن".
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، یەکێتیی ئەوروپای بێ ئامانج تەواوی کێشی جیۆپۆلیتیکی خۆی لە ناوچەکەی ئێمەدا لەدەست داوە. یان دەتوانین بڵێین؛ ڕێڕەوی گشتیی ئەوروپا زۆر نالەبار و جێگەی نیگەرانییە".
