عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ هەر کارێکی سەربازی یان تێرۆریستی دژ بە هەر وڵاتێک ڕەت دەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، عێراق پێشێلکردن یان بەکارهێنانی خاک، ئاوە هەرێمییەکان یان کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆ ئەنجامدانی هەر کارێکی سەربازی یان تێرۆریستی دژ بە هەر وڵاتێکی ناوچەکە و جیهان ڕەت دەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە راگەیندراوێكدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: "محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بەشداری کرد لە ئاهەنگی چل و حەوتەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، کە باڵیۆزخانەی ئێران ڕۆژی هەینی، ١٣ی شوباتی ٢٠٢٦ لە بەغداد سازی کردبوو."
باڵیۆز بەحرولعلوم لە وتەیەکدا پیرۆزبایی حکومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی گەیاندە حکومەت و گەلی ئێران، و تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە لەسەر بنەمای هاوسێیەتی، ئایین، کولتوور و کۆمەڵایەتی بونیاد نراون.
هەروەها جەختی کردەوە کە "عێراق بەکارهێنانی خاک و ئاو و ئاسمانی خۆی بۆ ئاراستەکردنی هەر کارێکی سەربازی یان تێرۆریستی دژ بە هەر وڵاتێک، لەوانەش کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەت دەکاتەوە." هەروەها سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی (كیانی ئیسرائیل)ی کرد و ڕایگەیاند کە گرژییە سەربازییەکان هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی ناوچەکە، و جەختی کردەوە کە گفتوگۆ و دانوستانی دیپلۆماسی باشترین بژاردەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکانی ئێستا.
لە کۆتاییدا، بەحرولعلوم سوپاسی محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران و ستافی باڵیۆزخانەکەی کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و هیوای پێشکەوتنی بۆ گەلی ئێران خواست.
