دوابەدوای گرتە ڤیدیۆکە... وەزارەتی داد ڕاسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە پەسەند دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزیری داد، خالید شوانی، پەسەندکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەی وەزاریی لێکۆڵینەوەی سەبارەت بەو پارچە ڤیدیۆیەی کە لە زیندانی ناوەندیی عەمارەوە بڵاوکرابووەوە، ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "ئەو لیژنە وەزارییەی لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی وەزیری داد، خالید شوانی بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ئەو پارچە ڤیدیۆیەی لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکرابووەوە و تێیدا ژمارەیەک لە سزادارانی زیندانی ناوەندیی عەمارە دەرکەوتبوون، تەواوکردنی کارەکانی لێکۆڵینەوە و بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکانی بۆ وەزیر ڕاگەیاند".
ئاماژەی بەوەش کردووە: "دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی و گوێگرتن لە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەزیری داد ڕاسپاردەکانی لیژنەکەی پەسەند کرد، کە بریتین لە: لادانی بەڕێوەبەری زیندانی ناوەندیی عەمارە و بەڕێوەبەری بەشی کاروباری زیندانەکە بەهۆی کەمتەرخەمییان لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا، گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەو کارمەندانەی ناویان لە لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە و تۆمەتبارکراون بە بردنەژوورەوەی مۆبایل و کەلوپەلی قەدەغەکراو بۆ ناو زیندان و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا، جگە لە ڕەوانەکردنی ئەو سزادارانەی کە کاری ئاژاوەگێڕییان ئەنجامداوە بۆ لێکۆڵینەوەی دادوەری تاوەکو ڕێکاری یاسایی پێویستیان بەرامبەر بگیرێتەبەر".
وەزارەت دووپاتی کردەوە: "پابەندبوونی تەواوی خۆی بە جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ڕێساکان لەناو دامەزراوە چاکسازییەکاندا دەردەبڕێت، و بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر هەر پێشێلکارییەک کە زیان بە ئاسایشی دامەزراوەکە یان شکۆی یاسا بگەیەنێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە ماوەی 24 کاتژمێردا، ئەمەش وەک جێبەجێکردنی ڕێنمایی وەزیر و بەپێی چوارچێوە یاساییە کارپێکراوەکان".
