دەستەی راگەیاندن: هیچ سانسۆرێک لەسەر دراماکانی ڕەمەزان نەبووە
ئەمڕۆ یەکشەممە،دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، رایگەیاند هیچ سانسۆرێک لەسەر دراماکانی ڕەمەزان نەبووە، لە پێداچونەوە بە درامای ``حەمدیە`` هیچ پێشێلکاریەک بەدی نەکراوە .
لە راگەیەندراوێکی دەستەکەدا هاتووە : بەپێی یاسا ناتوانێت پێشوەختە ڕێگری لە هیچ بەرهەمێکی هونەری بکەین، بەڵکو دەسەڵاتەکانی تەنها لە چاودێری و لێپرسینەوەی دوای پەخشکاردایە،و لەبارەی دۆسیەی درامای (حەمدیە) پێشوەختە لەگەڵ بەڕێوەبەری کەناڵی (MBC Iraq) کۆبووەتەوە و بەڵێننامەی نووسراویان لێ وەرگیراوە کە ناوەڕۆکی دراماکە سووکایەتی بە هیچ مەزهەب،و پیرۆزی و پێکهاتەیەک نەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەکە : سەندیکای هونەرمەندانی عێراق بە فەرمی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی بە درامای (حەمدیە) داوە و کارەکە لەژێر چوارچێوەی یاسایی ئاساییدایە.
ڕاگەیەندراوەکە روونیشیدەکاتەوە : کە تا ئێستا 10 ئەڵقەی دراماکە لەلایەن ژووری چاودێری دەستەکەوە بینراون و هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تێدا نەدۆزراوەتەوە، ئەو تێبینییانەشی هەبوون لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چارەسەر کراون.
لە وەڵامی دەنگۆکان دەستەی ڕاگەیاندن ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو ناڕەزایەتییانەی لەلایەن هەندێک بلۆگەر و مینبەری ئایینییەوە دەربڕاون، لەسەر بنەمای بینینی ڕاستەقینەی ئەڵقەکان نەبووە، بەڵکو تەنها پشتیان بە دەنگۆ و زانیاری ناڕاستی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەستووە.
دەستەکە ڕایگەیاند کە ئەگەر لە هەر ئەڵقەیەکی داهاتووی ئەم درامایە یان هەر کارێکی تردا سەرپێچییەکی ڕوون بدۆزرێتەوە، بێ دوودڵی ڕێکاری یاسایی دەگرنە بەر، کە دەگاتە ئاستی سڕینەوەی دیمەنەکان یان ڕاگرتنی پەخشی زنجیرەکە.
