سەرۆک وەزیران بۆ باراک: سەروەری و سەقامگیری عێراق بەردی بناغەی هاوسەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی بە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریای ڕاگەیاند کە سەرکردە عێراقییەکان بەردەوامن لە لەپێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا کرد. لە دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، بارودۆخی گشتی و پێشهاتەکانی ناوچەکە، و گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە کاردانەوەکانیان کرا"
ڕاگەیەندراوەکە دەشڵێت: باراک دیدگای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و تێڕوانینی ئەوی بۆ بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ڕۆڵی سەرەکیی عێراق لە بونیادنانی سەقامگیری و بەهێزکردنی گەشەپێدانی هەرێمی گەیاندە سودانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە سودانی ڕایگەیاندووە: سەرکردە نیشتمانییەکانی عێراق بەردەوامن لە لەپێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی و خستنەگەڕی هەوڵەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و بەرژەوەندییە ستراتیژییە باڵاکان کە عێراقییەکان گەورەترین قوربانییان بۆ داوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە "سەروەریی عێراق و سەقامگیرییەکەی لە بوارە جیاوازەکاندا، تەنها بابەتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ هاوسەنگیی ناوچەکە."
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە دیدارەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، و گرنگیی پەنابردنە بەر دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی گرژییەکان، جگە لە گرنگیی گەشەپێدانی ئابووری وەک ڕێڕەوێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەرەو پێشبردنی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا
