سوپای پاسداران شەهیدبوونی خامنەیی پشتڕاستدەکاتەوە و هەڕەشەی "تۆڵەیەکی سەخت" دەکات
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیێندراوێکی فەرمی دا شەهیدبوونی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و بەڵێنی "تۆڵەیەکی سەخت" لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران کە رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "شەهیدبوونی سالاری شەهیدانی شۆڕشی ئیسلامی و نائیبی بەهەقی حەزرەتی وەلیعەسر، ئیمام خامنەیی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، لە ئوممەتی ئیسلام و گەلی گەورەی ئێران پیرۆزبایی و سەرەخۆشی دەکەین."
سوپای پاسداران، هێرشەکەی خستووەتە ئەستۆی ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاندووە: "ئەم کارە تاوانکاری و تێرۆریستییەی دەوڵەتانی پیسی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، بەزاندنی ئاشکرای هەموو بنەما ئایینی، ئەخلاقی و یاساییەکانە؛ بۆیە دەستی تۆڵەی گەلی ئێران بۆ سزادانێکی سەخت، بڕیاردەر و پەشیمانکەرەوە، بەرۆکی بکوژانی ئیمامی ئوممەت بەرنادات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەخت لە بەردەوامیی "رێبازی رێبەر"ـی کوژراوی ئێران کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە: "بە شەهیدبوونی ئیمام خامنەیی، رێباز و سیرەی ئەو ناوەستێت و بە هێز و شکۆیەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت. ئەم شەهیدبوونە گەلەکەمان لەسەر درێژەدان بەو رێگە نوورانییە سوورتر دەکات."
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بەسیج، بە هەموو هێزیانەوە پارێزگاری لە میراتی خامنەیی دەکەن و لە بەرامبەر هەر پیلانێکی ناوخۆیی و دەرەکی دەوەستنەوە و "سزایەکی وانەبەخش" دەدەنە دەستدرێژیکاران.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران کراوە، بە ئامادەبوونی حەماسانەی خۆیان لە گۆڕەپانەکان دا، یەکڕیزیی نیشتمانیی خۆیان نیشانی جیهان و "دووژمنە تێرۆریستەکان" بدەن.
