وەزارەتی کارەبا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کوژانەوەی گشتی کارەباوە بڵاوکردەوە
وەزارەتی کارەبا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کوژاندنەوەی تەواوەتی سیستەمی کارەباوە بڵاوکردەوە وتیشی: لە ئەنجامی کەمبوونەوەیەکی لەناکاوی دابینکردنی غاز بۆ وێستگەی کارەبای ڕومێلە سیستەمی کارەبا لە سەرانسەری وڵات کوژاوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەت ئەحمەد موسا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "کوژانەوەی سیستەمی کارەبا تەنها بە گرفتێکی تەکنیکی دادەنرێت کە بەهۆی کەمبوونەوەی لەناکاوی غازی دابینکراو بۆ وێستگەی غازیی ڕومێلە لە پارێزگای بەسرە دروست بووە." ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمە بووەتە هۆی لەدەستدانی خێرای ( 1900 مێگاوات) و داڕمانی ڤۆڵتیە لە وێستگەکە، و جیاکردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوە و ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنان."
هەروەها وتی: "کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی هێڵەکان بەدوای یەکدا بەردەوامە، ئەمەش بە ڕێنمایی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوت و وەزیری کارەبا بە وەکالەت (حەیان عەبدولغەنی سەواد) و بە ئامادەبوونی مەیدانیی بریکارەکان و ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران. فەرمانگەی کارپێکردن و کۆنترۆڵ و ناوەندی کۆنترۆڵی نیشتمانی خەریکی گەڕاندنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەن بۆ پارێزگاکانی باکوور و وێستگەکانی بەرهەمهێنان."
داواشی لە ئاژانسەکانی هەواڵ و لاپەڕەکانی سۆشیاڵ میدیا و هاووڵاتیان کرد "دووربکەونەوە لە پێشبینیکردن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی بێبنەما، و زانیارییەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە وەربگرن و وردبن لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکاندا."
