ترەمپ: ده‌مانه‌وێت پێكهاته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئێران به‌ته‌واوه‌تی بگۆڕین
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت پێكهاته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئێران به‌ته‌واوه‌تی بگۆڕن و چه‌ند ناوێكیان لایه كه ده‌كرێ ببنه "سه‌ركرده‌ی باش" بۆ ئێران و هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و كه‌سانه له‌م جه‌نگه‌دا نه‌كوژرێن.
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵ ئێن بی سی، له‌باره‌ی ئێران رایگه‌یاند، ده‌مانه‌وێت ده‌ستوه‌ردان بكه‌ین و هه‌مو شتێك پاكسازی بكه‌ین، كه‌سێكمان بۆ رێبه‌رایه‌تی ئێران ناوێت كه له‌ماوه‌ی 10 ساڵ دیسان هه‌مان رژێم بونیادبنێته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه ده‌یانه‌وێت پێكهاته‌ی سه‌ركردایه‌تی ئێران به‌ته‌واوه‌تی بگۆڕن.
وتیشی، "رێبه‌رێكی لێهاتومان ده‌وێت بۆ ئێران، ناوی هه‌ندێك كه‌سمان لایه پێموایه ده‌توانن كاری باش بكه‌ن." به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی هیچیان بهێنێت. به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هه‌نگاوی پێویست ده‌نێن تا ئه‌و كه‌سانه له‌م شه‌ڕه‌دا نه‌كوژرێن و وتی"ئێمه چاودێرییان ده‌كه‌ین."
له‌باره‌ی لێدوانه‌كانی دوێنێی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیشه‌وه كه وتبوی، وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێرشی زه‌مینی هێزه‌كانی ئه‌مریكاو ئیسرائیل. تره‌مپ وتی، هێرشی زه‌مینی، كات به‌فێڕۆدانه، ئه‌وه بژارده‌یه‌ك نییه له ئێستادا خرابێته‌ڕو.
وتیشی، هێرشی زه‌مینی "كات به‌فیڕۆدانه، ئێرانییه‌كان هه‌مو شتێكیان له‌ده‌ستداوه، هێزی ده‌ریاییان له‌ده‌ستداوه، هه‌مو شتێك كه ده‌كرێت له ده‌ستی بده‌ن، له‌ده‌ستیان داوه."
جه‌ختیشی كرده‌وه كه هێرشه‌كانیان به چڕ‌و به‌هێزتری به‌رده‌وام ده‌بن.
