سوپای ئێران: بە فەرماندەیی موجتەبا خامنەیی، ئەمریکا و دوژمنان پەشیمان دەکەینەوە لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەرمان
لە دەیەمین ڕۆژی ئەو شەڕەی کە لە 28ی شوباتی ئهمساڵ دهستیپێكردوه، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ناوخۆی ئێران نوێکردەوە،لە بەرامبەردا سوپای ئێران هەڕەشەکانی نوێكردهوه و ڕایگەیاند، "بە فەرماندەیی موجتەبا خامنەیی، وا لە ئەمریکا و هەمو دوژمنەکانی دیکە دەکەین کە پەشیمان ببنهوه لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەرمان".
سوپای ئیسرائیل ئهمڕۆ دوشەممە لە راگەیەندراوێکی کورتدا ڕایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی لە ناوەڕاستی ئێران دەستپێکردوە و هێرشی كردوهته سهر "ژێرخانی ڕێژیمی ئێران".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێرشیان کردوەتە سەر شوێنەکانی هەڵدانی موشەکی بالیستی، هەروەها بارەگاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بەسیج". هەروەها بارەگای هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئیسفەهان کراوەتە ئامانج.
هاوکات ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بنکەی ئاسمانی بەندەر عەباس لە باشوری ئێران بە دو موشەک هێرش کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا تەقینەوەی توندوتیژی ڕویداوە.
هەروەها بەگوێرەی میدیاکانی ئێران، هێرشی ئاسمانی قورس بۆ چەند شوێنێکی شاری ئیسفەهان و ناوچەکانی دیکەی تاران و شاری زەنجان لە باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە ڕاگەیەندراوە، هەروەها بۆردومانەکە ناوچەی شەهرڕەی لە باشوری ڕۆژئاوای تارانیشی گرتەوە.
لە بەرامبەردا سوپای ئێران هەڕەشەکانی نوێكردهوه و ئەرکانی گشتیی ئێران ڕایگەیاند، "بە فەرماندەیی موجتەبا خامنەیی، وا لە ئەمریکا و هەمو دوژمنەکانی دیکە دەکەین کە پەشیمان ببنهوه لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەرمان".
لایخۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران بەیعەتی خۆی بۆ ڕێبەری مەزنی نوێی ئێران ڕاگەیاند، لە بەیاننامەیەکدا دهڵێت، "سوپای پاسداران وەک سەربازێکی بەهێز و قۆڵی ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئامادەیە فەرمانەکانی موجتەبا خامنەیی جێبەجێ بکات و پاڵپشتی لەو هەڵبژاردنە بکات کە مەجلیسی شارەزایان ئەنجامی داوە".
هاوکات چەند دەوڵەتێکی کەنداو ڕایانگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکیان بەسەر خاکەکانیاندا لهناوبردوه، بەحرەین بڵاویکردەوە، شەوی یەکشەممە لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بۆ سەر دورگەی سیترا 32 کەس برینداربون.
هەروەها بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دەنگی تەقینەوە لە دهوحەی پایتەختی قەتەریش بیستراوە، وەزارەتی بەرگری قەتەر ڕایگەیاند، هێزەکانیان ڕێگرییان لە هێرشێکی موشەکی کردوە.
وەزارەتی بەرگری کوەیت ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کەوتوهتە بەر هێرشێکی نوێی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پشتڕاستی کردەوە کە "بەرگری ئاسمانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بالیستی و کروزی ئێرانیان گرتوە".
لە سعودیە وەزارەتی بەرگری ڕێگری لە دو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕاگەیاند، كه بەرەو کێڵگەی نەوتی شەیبە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە دەڕۆیشتن.
