کوێت نیگەرانییەکانی گەیاندە بەغدا سەبارەت بەو هێرشانەی دەکرێنە سەری
ئەمڕۆ دووشەممە، بریکاری وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆز محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، جەختی کردەوە کە عێراق بەکارهێنانی خاکەکەی وەک سەرچاوەیەک بۆ لێدانی وڵاتانی دراوسێ ڕەت دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا کە دەست ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، هاتووە: "بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، باڵیۆز محەمەد حوسێن بەحرولعلوم، لە بینای وەزارەت پێشوازی لە محەمەد حەسەن زەمان، باڵیۆزی دەوڵەتی کوێت لە کۆماری عێراق کرد".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دیدارەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی دۆخی ئێستای ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگ لەسەر بارودۆخی ناوچەیی کرا".
بریکاری وەزارەتی دەرەوە مەترسییەکانی دۆخی ئێستای لە ژێر ڕۆشنایی بەردەوامیی ئەو جەنگەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت تاوتوێ کرد، لەگەڵ ئەو دەرئەنجامانەی کە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی دروستی دەکەن.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی کوێت "نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی گەیاند سەبارەت بەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەری".
لە وەڵامدا، بریکاری وەزارەت جەختی کردەوە کە "حکومەتی عێراق هەوڵێکی زۆر و ناوازە دەدات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە لێکەوتەکانی جەنگ، و کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە عێراقیش وەک وڵاتانی تری ناوچەکە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە".
جەختیشی کردەوە کە "عێراق بە گشتی لۆژیکی جەنگ ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەتی بەکارهێنانی خاکەکەی وەک دەسپێک بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەت بە ڕێنمایی سەرکردایەتی سیاسی و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرێتە بەر بۆ ڕاوەدوونانی ئەنجامدەرانی هەر کارێک کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بگەیەنێت".
هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە عێراق و کوێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەر دەبن بە لێکەوتەکانی ململانێی بەردەوام لە ناوچەکەدا، و جەختیان لە "گرنگی هاوکاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و کارکردن بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە" کردەوە.
