سودانی پیرۆزبایی لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پیرۆزبایی ئاراستەی سەید موجتەبا عەلی خامنەیی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکات دڵنیایی خۆی نیشان دا بە توانای سەرکردایەتی نوێ لە ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە هەستیارە.
سودانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی بەڕێز ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا عەلی خامنەیی دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران".
ئاماژەی بەوەشکرد ،"هاوکات پرسە و سەرەخۆشی خۆمان نوێ دەکەینەوە بە بۆنەی شەهیدبوونی ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی خامنەیی، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون لە ئەندامانی خێزانەکەی و شەهیدانی دیکەی گەلی ئێرانی بەڕێز، هەروەها متمانەی خۆمان بە توانای ڕێبەرایەتی نوێ لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە هەستیارە و درێژەدان بە پتەوکردنی یەکگرتوویی گەلی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ئێستا دەردەبڕین".
هەر لە پۆستەکەدا هاتووە ، "سەر لە نوێ هاوسۆزی و پشتیوانی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو ئەو هەنگاوانە دووبات دەکەینەوە، کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە ململانێکان و ڕەتکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانە دژی سەروەری، بەشێوەیەک سەقامگیری هەموو وڵاتانی ناوچەکە و ئاسایش و سەلامەتی گەلانی برا بپارێزێت".
