سەرۆک وەزیران داوا لە وڵاتانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات هەوڵی پێویست بۆ ڕاگرتنی شەڕ بدەن
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی داوای لە وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش کرد هەوڵی پێویست بۆ ڕاگرتنی شەڕ بدەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیندراوێكدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ئاماژەی بەوە کردووە: "سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ پێشوازی لە باڵیۆزی چین لە عێراق 'تسوی وەی' کرد، لە دیدارەکەدا بارودۆخی ناوچەکە لە سێبەری پەرەسەندنی گرژییەکان بەهۆی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و فراوانبوونی مەوداکەیان تاوتوێ کرا، هەروەها ئەو لێکەوتانەی کە بۆ سەر عێراق و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەیەتی، لەگەڵ ڕەنگدانەوە ئابوورییەکانی و کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی لەسەر زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانی."
سەرۆک وەزیران داوای لە "وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، لەنێویاندا چین، کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ئەنجامدانی هەوڵی پێویست بەمەبەستی ڕاگرتنی شەڕ و سنووردارکردنی ئەو پەرەسەندنەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتی دەکات."
لەراگەیندراوەكەدا ئەوەشی خستەڕوو کە "لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و چین و بەهێزکردنی ئاسۆی هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا تاوتوێ کرا، بە جۆرێک کە گەشەسەندنی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات ڕەنگبداتەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان بکات."
