ڕەشید بەئامانجگرتنی حەشدی شەعبی ئیدانە دەکات و بە پێشێلکردنی مەترسیدار بۆ سەر سەروەری عێراق ناویدەبات
سەرۆک کۆمار سەرەخۆشی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە جەنگاوەرانی حەشدی شەعبی كرد
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کرد بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک لە جەنگاوەرانی دەستەی حەشدی شەعبی، کە لە ئەنجامی دەستدرێژی بۆ سەر بارەگاکانیان شەهید بوون.
وتیشی ئەم سەرەخۆشییە لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە هات کە سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ی ئاداری ٢٠٢٦، لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئەنجامیدا.
وتیشی سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستدرێژییانە زیان بە سەروەری وڵات دەگەیەنن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری، ئاماژەی بەوەش کرد کە حەشدی شەعبی بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئاسایشی عێراق و ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە بەرگریکردن لە نیشتمان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر؛ هەروەها پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدانی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە دەربڕی.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی یەکخستنی ڕیزە نیشتمانییەکان لەم بارودۆخە هەستیارەدا کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دوورخستنەوەی وڵات لە هەر ململانێیەک کە هەڕەشە لە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان و هاووڵاتییان بکات.
لای خۆشیەوە، فالح فەیاز ستایشی هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری کرد لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان، و هەوڵەکانی بەڕێزیانی بۆ یەکڕیزی و چەسپاندنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەرز نرخاند.
