نوعمان: بەئامانجگرتنی بارەگاکانی حەشد پێشێلکارییەکی سەربازی و هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە
سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە بەئامانجگرتنی شوێنەکانی حەشد پێشێلکارییەکی سەربازی و هەوڵێکە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە.
نوعمان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە، ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران، بەردەوامە لە بەدواداچوونی چڕ و هەڵسەنگاندنی دۆخەکە سەبارەت بەو هێرشە ئاشکرایانەی کرانە سەر شوێنەکانی یەکەکانی حەشدی شەعبی، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پاڵەوانان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیرۆزیاندا، لە چوارچێوەی ئەرکی هێزە ئەمنییەکانمان بە هەموو جۆرەکانیانەوە و لە ناوچەکانی بەرپرسیارێتیدا.
وتیشی: ئەم دوژمنکارییە سیستماتیک و دووبارەبووەوە و بەئامانجگرتنی شوێن و بارەگاکان بەبێ جیاوازی، تەنها پێشێلکارییەکی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکی بێهودەیە بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و لێدان لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و تێکدانی دەستکەوتە ئەمنییەکان کە بە خوێنی عێراقییەکان و قوربانیدانی شەهیدان بەدەست هاتوون.
جەختیشی کردەوە کە خوێنی جەنگاوەرانمان ئەمانەتە لەسەر شانمان، و ڕێگە نادەین عێراق ببێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی حسابات یان شوێنێک بۆ پێشێلکردنی کەرامەتی نیشتمانی.
