ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هێرشەکان بۆ سەر حەشدی شەعبی بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانیی دادەنێت
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر حەشدی شەعبی کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانیی وەسف کرد.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند: بەوپەڕی نیگەرانی و سەرکۆنەکردنەوە، چاودێری ئەو دەستدرێژییە دڕندە و ئاشکرایانە دەکەین کە کراونەتە سەر پاڵەوانانی حەشدی شەعبی، لە کاتێکدا ئەوان شانبەشانی برایانیان لە هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی کەرتەکانی بەرپرسیارێتیدا ئەرکە نیشتمانییە پیرۆزەکانیان جێبەجێ دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەردەوامبوونی ئەم دەستدرێژی و پێشێلکاری و دوژمنکارییە سیستماتیک و دووبارەبووانە، و جیا نەکردنەوەی ئامانجەکان، دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە و هەڕەشە لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و تێکدانی بنەماکانی ئاسایش و سەقامگیری دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی ناڕەزایەتی و توڕەییەکی گەورە لای ڕۆڵەکانی گەلی خۆڕاگرمان، هاوکات لایەنە دەستدرێژیکارەکانی بە بەرپرسیاری تەواوی لێکەوتە مەترسیدارەکان دانا.
وتیشی کە دوایین لەو هێرشە بێ پاساوانە، ئەوە بوو کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پارێزگای کەرکوک و ناوچەی عەکاشات ڕوویدا، کە پێشتریش هێرشی ئاشکرا لە قەزای سوێرە و چەندین شوێن و بارەگای جیاجیا لە سەرتاسەری وڵات ڕوویاندابوو.
ئەوەشی خستە ڕوو کە ئێمە ئەم کار و ئۆپەراسیۆنانە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی کەرامەتی عێراق دادەنێین، هەروەها دەستدرێژییەکی ڕوونە بۆ سەر هێزە ئەمنییە پاڵەوانەکانمان کە پابەند بوون بە بەرزترین ئاستی پیشەیی و نیشتمانی لە پاراستنی خاک و نامووس، و پاراستنی دەستکەوتە ئەمنییەکان کە بەهۆی قوربانیدانی هێزەکانمان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بەدەست هاتوون
