پورتوگال بڕیاری داوە دوای ڕاگرتنی جەنگ باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد بکاتەوە
ئەمڕۆ هەینی ،وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند : کە پورتوگال بڕیاری داوە دوای وەستانی جەنگ لە ناوچەکەدا،باڵیۆزخانەی پورتوگال لە بەغداد بکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە : "فوئاد حوسێن"جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ "باوڵۆ ڕانژێل " وەزیری دەرەوەی پورتوگال، پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و ڕێگاکانی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکەیان تاوتوێ کرد.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی پورتوگال هاوسۆزیی تەواوی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دەربڕی بەرامبەر بەو ئاستەنگ و هێرشانەی ڕووبەڕووی خاکی عێراق دەبنەوە، و جەختیشی کردەوە کە جەنگی بەردەوام هەڕەشەیەکی فرەڕەهەندە، بەتایبەتی دوای ئەوەی بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش پەرەی سەندووە.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە حکومەتی پورتوگال لە چوارچێوەی یەکێتیی ئەوروپا و ڕەنگە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، کار دەکات بۆ پەیوەندیکردن بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەمەبەستی گوشارخستن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دانوستانەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە "فوئاد حوسێن "سوپاسی وەزیری دەرەوە و حکومەتی پورتوگالی کرد بۆ هەڵوێستی هاوسۆزییان لەگەڵ گەلی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەریان.
جەختیشیکردەوە : کە جەنگی بەردەوام کۆمەڵێک کێشەی دروست کردووە کە لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ببنە قەیرانی ئاڵۆز.
ئاماژەی بەوەشکرد : کە نەتوانینی هەناردەکردنی نەوت یان کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەکەی بووەتە هۆی کێشەی گەورە کە ڕەنگە پەرە بسێنێت و کاریگەری لەسەر بازاڕی نەوت و وزە دابنێت و ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر ئابووریی ئەوروپا هەبێت، تەنانەت ڕەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینەوە ببێتە هۆی دروستکردنی کێشە لەناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
فوئاد حوسێن ڕوونیکردەوە : کە مەترسیی جەنگ بۆ عێراق تەنها لە هێرش و تێکدانی دۆخی ئەمنییدا نییە، بەڵکو دەگاتە ئەگەری پەککەوتنی هەناردەکردنی نەوت بەهۆی مەترسییە سەربازییەکان لە گەرووی هورمز، ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی دەرچەیەکی ڕاستەقینە بۆ قەیرانەکە هەیە کە بریتییە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر ڕێڕەوی دیپلۆماسی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەزیری دەرەوەی پورتوگال خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان لەگەڵ عێراق دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد کە پورتوگال بڕیاری داوە دوای وەستانی جەنگ لە ناوچەکەدا، باڵیۆزخانەی پورتوگال لە بەغداد بکاتەوە
