بارزانی و ماکرۆن پەیوەندیەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرخۆشی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فرەنسا كرد بەبۆنەی كوژرانی ئەو سەربازە فڕەنسیەی لە هێرشەكانی شەوی ڕابردوی سنوری مەخمور گیانی لەدەستدا. لایخۆشیەوە ماكرۆن دوپاتیکردەوە کە فرەنسا لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، بە توندی سەرکۆنەی هێرشی تیرۆریستیی شەوی ڕابردوی سنوری مەخموری بۆ سەر سەربازگەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزەکانی فرەنسا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا کرد کە لە ئەنجامدا سەربازێکی پلەداری فرەنسی گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قوڵی خۆی و گەلی کوردستانی ئاراستەی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکومەتی فەرەنسا و خێزان و هاوڕێیانی ئەو سەربازە فەرەنسییە کرد کە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا لە هەرێمی کوردستان گیانی بەخشی. هەروەها دوپاتیکردەوە کە بیر و دڵمان لای ئەوانە و هیوای زو چاکبونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ پشتگیری و هاوکاریی فرەنسا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و قوربانیدانی هێزە سەربازییەکانی فرەنسا لە هەرێمی کوردستان دەربڕی. هەروەها دوپاتیکردەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ ڕێگەگرتن لە هێرشی ئەو گروپانە و سزادانیان، تاکو چیتر بەرژەوەندییەکانی وڵات و پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەکەونە مەترسییەوە.
لایخۆیەوە ماکرۆن، سوپاس و پێزانینی بۆ پەیوەندی و هاوخەمیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و گەلی کوردستان دەربڕی و دوپاتیکردەوە کە فرەنسا لە پشتگیری و هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە بو. تيایدا هەردولا جەختیان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە.
