بەرپرسێک: ئەمریکا ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە ئێران دەکات
ئەمریکا هێزی دەریایی لە یابانەوە جوڵاند و دەیەوێت بە شیوەیەکی خاڵ بە خاڵ گەروی هورمز کۆنتڕۆڵ بکات و هێزی وشکانی دابەزێنێتە گەروەکە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری جەنگی بڕیاری داوە كە کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" بەو ناوچەكە جوڵەبكات.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاویكردەوە، پێنتاگۆن هێزی زیاتری مارینز و کەشتی جەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت، ئەمەش لە ئەنجامی پەرەسەندنی هێرشەکانی ئێران لە گەروی هورمز.
ئاماژەی بەوەشكرد، پیت هیگسێسی وەزیری جەنگ ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر داوایەکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم) بۆ ناردنی گروپێکی دەریایی-زەمینی و یەکەیەکی گەڕانی سەر بە مارینز، کە بەزۆری لە چەند کەشتییەکی جەنگی و پێنج هەزار سەربازی مارینز پێکدێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامە ئەمریكیەكە، کەشتی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی "یو ئێس ئێس تریپۆلی" کە لە ژاپۆن جێگیر بو، لەگەڵ هێزەکانی مارینزی سەر بە کەشتییەکە ئێستا بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتون. ئەوە جگە لەوەی هێزەکانی مارینز ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامادەن بۆ پشتگیریکردنی ئۆپەراسیۆنەکە دژی ئێران.
لەلایەكی دیكەوە بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا بە كەناڵی جەزیرەی ڕاگەیاندوە، هێزێکی مارینز لە ئۆکیناوای ژاپۆن، بۆ پشتگیریکردن لە ئۆپەراسیۆنی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر دەکرێن.
دەشڵێت، "هێزەکە لە دو هەزار 500 سەرباز پێکدێت و چەندین کەشتییان لەگەڵ دەبێت، هەروەها توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی هاوڵاتییان و دابەزینی دەریایییان هەیە".
