سودانی: ڕێگە نادەین عێراق تێوەگلێنرێتە ناو شەڕی ناوچەکەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ "گلین مایلز" باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق، جارێکی دیکە جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی، نوسینگەی سەرۆک وەزیران کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ، تیایدا هاتووە : "سودانی "لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی عێراق دژی هەر کردارێکە کە ببێتە هۆی ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو ئەو شەڕ و ململانێیانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت،و هۆشداری دا لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم ململانێیانە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و زیادبوونی مەترسییەکانی توندڕەوی، تیرۆری سنووربەزێن،و کۆچی نایاسایی و تێکچوونی کەرتی وزە و دابینکردنی پێداویستییە جیهانییەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتان هەماهەنگیی بەهێز لەنێوانیاندا هەبێت، چونکە ئەمە کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان.
سودانی داوای کرد دیالۆگ و دیپلۆماسی چالاک بکرێت و یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دادپەروەرانە کە سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەکە.
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی ئوسترالیا پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ عێراق دووپات کردەوە،و هەروەها ڕۆڵی عێراقی وەک وڵاتێکی کاریگەر لە سەقامگیریی ناوچەکەدا بەرز نرخاند و جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی شەڕ و ململانێکان.
