چوارچێوەی هەماهەنگی: ئەو تۆمەتانەی لە بەیاننامەكەی هەرێمدا هاتوە نابنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەرێكی راستەقینە
چوارچێوەی هەماهەنگیی كە لە زۆربەی لایەنە شیعەكان پێكدێت داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە جەیهانەوە پابەندی سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵ بن، دەشڵێت، "ئەو تۆمەتانەی لە بەیاننامەكەی هەرێمدا هاتوە نابنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەرێكی راستەقینە".
چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئیدارەی دۆسیەی نەوت و غاز هەروەها هەناردەكردنیان دەبێت بەپێی دەستور و یاسا بەركارەكان بن، بەوجۆرەی كە یەكێتیی بڕیاری سەروەری دەوڵەتی عێراق و مافی هەمو عێراقییەكان بپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، داوا دەكەین بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و هاوكاری جددی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بخرێتە پێشەوە بەمەبەستی هەناردەی نەوت لەرێگەی بەندەی جەیهان و پابەندبون بە سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەتی فیدراڵییەوە، بەوجۆرەی خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی دەوڵەتی عێراق دەكات لەم ساتە هەستیارەدا.
چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت، "ئەوەی لە بەیاننامەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستاندا هاتوە سەبارەت بە دۆسیەی هەناردەی نەوت لەرێگەی جەیهانەوە رەتدەكەینەوە، ئەو تۆمەتانەی لە بەیاننامەكەدا هاتوە نابنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەرێكی راستەقینە".
دەشڵێت، "چارەسەری ناكۆكییەكان دەبێت بە گیانێكی هاوبەشی نیشتمانی و بەرپرسانەی هاوبەشەوە بێت".
