نوعمان: لە ئەنجامی هێرشێکی خیانەتکارانە لەقائیم 8 کارمەندی حەشد شەهیدبوون و 7ی دیکەش برینداربوون
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ دووشەممە،شەهیدبوونی 8 کارمەندی حەشد وبرینداربوونی 7ی دیکەش لە ئەنجامی هێرشێکی خیانەتکارانە لەقائیمی پارێزگای ئەنبار ڕاگەیاند.
نوعمان لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند"لە دەستدرێژییەکی خیانەتکارانە و ترسنۆکانەدا، ئەمڕۆ کۆمەڵێک لە پاڵەوانە بوێرەکانی عێراق کرانە ئامانج، لە هێرشێکدا بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە قەزای قائیم لە پارێزگای ئەنبار و بنکەکانی تری نزیک، ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی (8) کەس و برینداربوونی (7) کەسی دیکە، بە برینی جیاجیا، ئەمەش لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکی پیرۆزیاندا لە پاراستنی خاکی نیشتمان.
وتیشی ئێمە بە شێوەیەکی ڕەها ڕشتنی خوێنی بێتاوان یان هەر هەوڵێک بۆ بە ئامانجگرتنی ڕۆڵە قارەمانەکانی هێزە ئەمنییەکان لە حەشدی شەعبی ڕەتدەکەینەوە، ئەم خوێنە کە بۆ خاکی عێراق و بەرگریکردن لە شکۆی دراوە بێ نرخ نییە و هەرگیز جێگای پشت گوێ خستن نابێت.
ڕوونیشیکردەوە بەئامانجکردنی هێزێکی فەرمی کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکات و گەورەترین قوربانی لە پێناو ڕزگارکردنی خاکدا داوە، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر سەروەری وڵات و درێژەپێدەری ئەو زنجیرە خیانەتانەیە لە دژی ئەو هێزە نیشتمانییانەی کە پڕۆژەکانی تیرۆر و دابەشکردنی تێکشکاندووە و هەرواش دەمێننەوە.
دووپاتیکردەوە ئەم تاوانە قێزەونانە تەنها ئیرادەی پاڵەوانەکانمان بۆ درێژەدان بە ڕێگای قوربانیدانیان بەهێزتر دەکات، هەروەها هێزەکانی حەشدی شەعبی"ـش لە بەجێگەیاندنی ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە بەرگریکردن لە عێراق و گەلەکەی ڕاناگرێت.
لەکۆتایی پەیامەکەیدا وتی دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق و بە هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان.
