پزیشکیان: ئێران بۆ زۆرداران سەر دانانەوێنێت و بەرگریکردن لە خۆ مافێکی سروشتییە
ئەمڕۆ دووشەممە ، سەرۆک کۆماری ئێران مەسعوود پزیشکیان، جەختی کردەوە کە ئێران بۆ زۆرداران سەر دانانەوێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرگریکردن لە خۆ مافێکی سروشتییە.
پزیشکیان لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند: "بۆ سەرۆک کۆماری فەڕەنسام دووپات کردەوە کە ئێران دەسپێشخەری جەنگی نەکردووە"، ڕوونیشیکردەوە کە "بەرگریکردن لە خۆ لە بەرامبەر داگیرکاری مافێکی سروشتییە و ئێمە تێیدا لێهاتووین."
پزیشکیان جەختی لەسەر "پێویستیی ڕاگرتنی بەکارهێنانی بنکە ئەمریکییەکانی ناوچەکە دژی ئێران بە مەبەستی تێکدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان" کردەوە، ڕاشیگەیاند: "ناتوانرێت ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی بهێنرێت لەکاتێکدا چاوپۆشی لە داگیرکاریی ئیسرائیلی-ئەمریکی بۆ سەر وڵاتەکەمان بکرێت."
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئێران بۆ زۆرداران خۆبەدەستەوە نادات"، پێشبینیشی کرد کە "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی داگیرکارییەکە بکات و دەستدرێژیکاران قایل بکات بە ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "قسەکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ بێمانایە، مەگەر گەرەنتی ئەوە بکەین کە لە داهاتوودا هێرشەکان بۆ سەر خاکەکەمان دووبارە نابنەوە."
