فەرهاد ئەترووشی: بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەبێت پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ بن
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئێستا عێراق بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیدار تێدەپەڕێت، بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان پێویستە هەوڵ و هەڵوێستەکان یەکبخرێن و لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە، دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویاندا پرسی نەوت و دارایی چارەسەر بکرێن".
فەرهاد ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاداری 2026، راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئێستا عێراق بە قۆناخێکی سەخت و مەترسیداردا تێدەپەڕێت، رووبەڕووی بارودۆخێکی نەخوازراو، پێویستی بە دیدگا و هەوڵی یەکگرتوو هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵنگاریانەی هەن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە، جەخت لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی بابەتی نەوتی و دارایی، لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکەینەوە بە هەستێکی بەرزی ئەرکی نیشتمانی و بەرپرسیارێتی هاوبەش، بە مەبەستی بەشداریکردن لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان شاراوە نییە، دانانی خشتەی کارنامەی کۆبوونەوە، بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای رێککەوتنی نێوان سەرۆکی پەرلەمان و هەر دوو جێگرەکەی بێت، بۆیە پابەند نەبوون بەم بنەمایە پێشێلکاری یاسای ئەنجوومەنی نوینەران و پەیڕەوی ناوخۆیە، کە بە داخەوە تاوەکوو ئێستا چەند جارێکی ئەم لە یاسا دەرچوونە ڕوویداوە".
