نێچیرڤان بارزانی: دەبێت عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاگری شەڕ دووربخرێنەوە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی تورکیا کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە، کە نابێت ڕێگە بدرێت عێراق و هەرێمی کوردستان پەلکێشی نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بکرێن.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 18ـی ئازاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئەرمان تۆپچو، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا کرد. تەوەرە سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی مەترسییەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ناوچەکە بوو.
هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە فراوانبوونی شەڕ بکرێت. جەختیان لەوەش کردەوە کە پاراستنی ئارامیی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا لە هەموو شتێک گرنگترە و نابێت وڵاتەکە ببێتە بەشێک لەو ئاڵۆزییانە.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی حکومەتی تورکیای کرد بۆ ئەو ئاسانکارییە بەردەوامانەی لە دەروازە سنوورییەکان بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەیکەن، کە ئەمەش بووەتە هۆی گەشەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر داهاتووی ناوچەکە کرا، هەردوولا هیوایان خواست کە کێشەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.
