دوو خوشکی خوێندکاری کۆلیژی تەکنیکیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران
رۆژی یەکشەممەی رابردوو (2023/8/13)، دوو خوشکی خوێندکاری کۆلیژی تەکنیکیی کچانەی سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ناوەکانی زیلان مەلایی و زریان مەلایی دوای هێرشکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان دەستگیرکران و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دوو خوێندکارە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراون و تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕوویان کراوەتەوە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.
زیلان مەلایی خوێندکاری بەکالۆریۆسی بیناسازیی کۆلیژی تەکنیکیی کچانەی سنەیە و زریان مەلاییش خوێندکاری پلەی کاردانی (associate)ی بیناسازییە لە هەمان زانکۆدا.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا بە لانیکەم 54 هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و تاران، بە تۆمەتی سیاسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
