ژمارەی قوربانیانی لافاوی دانیال لە وڵاتی لیبیا گەیشتە دوو هەزار کەس
کاربەدەستانی لیبیا ڕۆژی دووشەممە (11ـی ئەیلولی 2023) ڕایانگەیاند، کە ژمارەی قوربانیانی لافاوی "دانیال" کە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتی لیبیای گرتەوە نزیکەی دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن لە پێنج هەزار کەس زیاترە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسان لە کاتێکدا هات کە لافاوی دانیال بەهێزترین لافاو دادەنرێت کە وڵاتی یۆنانی گرتەوە پێش ئەوەی بگاتە وڵاتی لیبیا، بەگوێرەی ڕۆیتەرز، ئەمەش لە کاتێکدا لافاوەکە گەیشتە کەناراوەکانی میسر لە دووا ساتەکانی رۆژی دووشەممە.
ئوسامە حەماد، سەرۆکی حکومەتی لیبیا وتی: بارودۆخەکە کارەساتە و ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەی قوربانییەکانی شاری درنا "زیاتر لە 2000 کوژراو و بێسەروشوێن هەیە".
حەماد داوای لە هەموو دەزگا پزیشکی و ئەمنی و سەربازییەکان کرد بەهانای شاری درنا بچن، کە حکومەت بە شارێکی کارەساتبار دادەنێت و وتیشی: "گەڕەکی نیشتەجێبوون هەیە کە بە تەواوی لە درنا ونبوون کە بەهۆی لافاوەوە لەناوچوون".
گرتە ڤیدیۆییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری لافاو لە ڕۆژهەڵاتی لیبیا نیشان دەدەن، کە تێیدا کارەبا لە هەندێک شار بە تەواوی بڕدراوە و خێزانەکان گیریان خواردووە.
لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا، حکومەتی لیبیا لە ڕۆژهەڵات پرسە و ئاڵاکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دابەزاند و بڕیارێکی دەرکرد کە درنا بە شارێکی کارەساتبار دادەنێت دوای ئەوەی بارانێکی زۆر باری و زیانی بە شارەکە و دانیشتوانەکەی گەیاندووە.
