پارێزگاری هەولێر هاوخەمی لە گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگە لە قەرەچوغ دەربڕی
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر هاوخەمی لە گیان لەدەستدانی دوو پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ دەربڕی دوای پێکدادان لەگەڵ سوپای عێراقی و ڕایگەیاند، "بەداخەوە دوێنێ یەکشەممە ڕووداوێکی ناخۆش لە ناوچەی مەخموورى سنوورى پارێزگاکەمان بەهۆی هەڵە تێگەیشتن لە یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان لە چیای قەرەچووغ ڕوویدا و لە ئەنجامدا شەڕە تەقە لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لێکەوتەوە و هەریەک لە "عەقید کاکە جەوهەر قەهار" و "هاوڕێ جەوهەر" شەهید بوون و ژمارەیەکى ترى پێشمەرگەش برینداربوونی".
پارێزگاری هەولێر وتیشی: بەمبۆنەیەوە پرسەو سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی کەسوکار و بنەماڵە شەهیدان دەکەین و خۆمان بەهاوبەشى خەمیان دەزانین و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، ئومێد دەکەین لە زووترین کاتدا ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
