مەسرور بارزانی: هەندێك لایەن لەوانەیە سواری شەپۆلەكە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا دەکەن
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی كاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان قوتابخانە و باخچەی منداڵانی ماجیدی لە شاری هەولێر کردەوە.
لە دەقی وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: زۆر سوپاسی مامۆستا بەڕێزەكان دەكەم كە بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییان، دەزانم كە قوتابخانە شوێنێكە پێویستە زۆر گونجاو بێت كەشێكی تێدا بێت كە قوتابی هەست بە ئارامی بكات، قوتابی تەنیا فێركردنی خوێندن نییە، بەڵكوو پەروەردەكردنیشە، كە قوتابی دێتە قوتابخانە دەبێ فێری ئەوە بێت كە دواتر چۆن لە ژیاندا مامەڵە لەگەڵ گرفتەكانی ڕۆژگار بكات.
مەسرور بارزانی هەروەها وتیشی: ئەوەی حكومەت لەسەریەتی بەردەوام دەبێت لەوەی كە قوتابخانەی نوێ دروست بكەین یان ئەو قوتابخانانەی كە هەن نۆژەنیان بکەینەوە، تا ئێستاش زۆر لەو قوتابخانانە نۆژەنكراونەتەوە و هەندێك قوتابخانەی نوێش دروست كراون، بەڵام پێویستمان بە زۆر قوتابخانەی زیاتر هەیە لەسەر ئاستی هەموو كوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دووپاتیکردەوە، لە بابەتی چاکسازی لە كەرتی پەروەردە، ئەم كابینەیە كاری زۆری كردووە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو مامۆستایانە دەكەم كە بەردەوامن لە فێركردنی قوتابییەكان، دەزانم كە دۆخی ژیانیان سەختە و ئاسان نەبووە بە تایبەتی ئەم ماوەیەی ڕابردوو كە بابەتی مووچە بووەته بابەتێكی سەرەكیی بە تایبەتی ئەوانەی كە جگە لە مووچە هیچ داهاتێكی تریان بۆ بژێویی ژیانی خۆیان نییە.
مەسرور بارزانی لەبارەی مانگرتنی مامۆستایان وتی: هەندێك لایەن لەوانەیە سواری شەپۆلەكە بووبن و یاری بە هەستی مامۆستا بكەن، ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێ تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە كە ئەمە بە هیچ جۆرێك شیاو نییە.
