وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەپارێزگای دیالە دەکات
ئەمڕۆ شەممە وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شمەری ڕێنماییدا بەلێپرسینەوە لەو كەسانەی كەمتەرخەم بوون لە ڕووداوەكەی عومرانییە لە دیالە.
لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە:شمەری كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لە بارەگای فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیالە ئەنجامدا، كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەك فەرماندە و ئەفسەر گەیشتووە.
وەزیری ناوخۆ پشتڕاستی كردەوە بەپێی بەیاننامەكە: چەند تیرۆریستێکی داعش دوای ئەنجامدانی ئەو ڕووداوە خیانەتكارە هەوڵی ناسەقامگیری ئاسایشی ناوچەی عومرانیە دەدەن، جەختیشی كردەوە كە كاردانەوەی هێزە ئەمنییەكان توند و چاوەڕواننەكراو دەبێت بەرامبەر بەتوخمە ترسنۆكەكان كە ئەم كارەیان ئەنجامداوە، و چارەنووسیان لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا یان مردن دەبێت یانیش لەپشت مێزی دادگا.
ناوبراو ڕایگەیاند : كە چەتە تیرۆریستییەكانی داعش تێكشكێنراون و هیچ گەڕانەوەیەك بۆیان نییە، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەوانەی كەمتەرخەم بوون لەم ڕووداوەدا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە : شمەری كۆمەڵێك ڕێوشوێنی ئاراستەكرد بۆ دووبارە جێگیركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان لەناو ئەم كەرتەدا، هاوكات هەوڵە هەواڵگرییەكان چڕبكاتەوە و درێغی نەكردن لە دادگاییكردنی تاوانباران، بۆ ئەوەی ببنە پەندێك بۆ ئەو كەسانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش هاوڵاتیان دەدەن .
