وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم چەند بڕیارێکی لەبارەی رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەرکرد
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی کە بۆ تەواوی زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و کۆلێژ و پەیمانگاکانیش نێردراوە، چەند بڕیارێکی بۆ رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەرکردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی فەرمی بۆ تەواوی زانکۆکانی حکومی و تایبەتەکان و کۆلیژە زانکۆ و پەیمانگاکان ناردووە، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەپێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هەر وانەیەک یاخود تاقیکردنەوەیەک لە رۆژانی (17 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەیە دوابخرێت و بخرێتە رۆژانی دواتر و قەرەبوو بکرێنەوە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دانیشتووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
هەر لەو نووسراوەدا هاتووە، لەو دوو رۆژەدا سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکارانی کە دەنگیان دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە نەهاتوو هەژمار ناکرێن ئەمەش لەپێناو بەشداریکردنیان لە پرۆسەی دەنگدان.
