سەرۆکی یەکێتی: کەرکوک ئەمانەتی مام جەلالە
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک بۆ پشتیوانی و سەرخستنی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە وتی کەرکوک ئەمانەتی مام جەلالە بۆ ئێمە بەجێ ماوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی. لە کەرنەڤاڵەکەدا دوای بەخێرهاتنی ئەو جەماوەرە زۆرەی بۆ پشتیوانی و سەرخستنی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بەشداری کەرنەڤاڵەکەیان کردبوو، وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:" کەرکوکی قودسی کوردستان ئەمانەتی سەرۆک مام جەلالە و وەک چاومان دەیپارێزین و هەرگیز جێی ناهێڵین". وتیشی:"دوارۆژی کەرکوک بەدەست ئێوەی خەڵکی کەرکوکە، بۆیە داواتان لێدەکەم بە گڕوتینێکی نوێوە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سندوقەکان سەوز پۆشبکەن، کەرکوک سەوزپۆشبکەن، چونکە ئەوە ئێوەن بە دەنگەکانتان پارێزگاری داهاتوو بۆ شارەکەتان دیاریدەکەن". لە وتارەکەیدا سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد:" بەڵێن دەدەین رێگە نەدەین و کەس بۆی نەبێت غەدر لە کچان و کوڕانی شارەکەمان بکات، هەروەها دەمانەوێت لە حکومڕانی کەرکوکی داهاتوودا نیشانی هەموو لایەکی بدەین کە حکومڕانی چۆن دەبێت و کۆتایی بەم حکومڕانییە نادادپەروەرییە بهێنین". راشیگەیاند:" کاندیدەکانمان پێش یەکێتیبوونیان کوردن ، بۆیە داواتان لێدەکەم دەنگ بە هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ بدەن و نوێنەری راستەقینەتان بنێرنە ئەنجومەنی پارێزگاکە و شەڕی کوردستانیبوونی کەرکوکی قودسی کوردستان بۆ ئێمە جێبهێڵن".
