تۆمەتبارانی هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق دەستگیر کران
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت: ژمارەیەك لە ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە هێرش كردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەستگیركران و لێكۆلینەوەكانیش بەردەوامن.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە؛ ژمارەیەك لە ئەو كەسانەی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی هێرشەكەی (7ـی کانونی دوەمی 2023)ـی سەر باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ناسراونەتەوە و دەستگیكراون.
وتیشی: ناكرێت چاوپۆشی لەم جۆرە هێرشانە بکرێت، چونکە هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات و زیان بەناوبانگی عێراق دەگەیەنن، هەربۆیە لەژێر رێنمایی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیدا هێزە چەکدارەکان، هێزە ئەمنییەكان دەستیانکرد بە لێكۆڵینەوە و توانیان ناسنامەی تاوانباران دەستنیشان بکەن.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان رونیكردەوە، بۆ دۆزینەوە و گەیشتن بە ئەو كەسانەی بەشداریان لە هێرشەكاندا كردوە، لێکۆڵینەوەكان بەردەوامن و بەپێی یاسا سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەردەگرن، هەروەها ئەو كەسانەشی هاوکاری و پاڵپشتی لۆجستییان بۆ تاوانباران دابین کردوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
