سەرۆک کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ میری دەوڵەتی کوێت ئەنجام دا
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ شێخ مەشعەل ئەحمەد ئەلسوباح میری دەوڵەتی کوێت ئەنجام دا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە سەرەتای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، کە ئەمڕۆ شەممە 23-12-2023 ئەنجامیدا،سەرۆک کۆمار پرسە و هاوخەمی قوڵی خۆی بۆ میری کوێت و گەلی کوێتی برا دوپاتکردەوە بەبۆنەی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو شێخ نەواف ئەلئەحمەد ئەلسوباح، لە خودای مەزن داواکارە کۆچکردو بخاتە بەر سۆزو میهرەبانیی خۆی، ئارامی و خۆڕاگریش بەمیری کوێت و خانەوادە و گەلی کوێت ببەخشێت.
لەبەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆک کۆمار پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی شێخ مەشعەل ئەلئەحمەد ئەلسوباح کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکە نوێیەکەی وەک میری دەوڵەتی کوێت، هیوای سەرکەوتنی بۆ میری کوێت خواست لە سەرکردایەتیکردنی کوێت و بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی کوێتی برا لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی زیاتر. جەختیشی لەسەر پەرۆشیی عیراق کردەوە بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندی برایانە، کە هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا کۆدەکاتەوە.
هەروەها لە پەیوەندییەکەدا باس لە گرنگی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات کرا سەبارەت بە پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و جێبایەخی هەردوولا، هەروەها پێویستی ئاڵوگۆڕی سەردان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دوپاتکرایەوە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدیبهێنێت.
لای خۆیەوە میری دەوڵەتی کوێت سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار لەتیف جەمال رەشید دەربڕی و ئاماژەی بە خواستی کوێت کرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، هەروەها پەرۆشی بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی عیراق دەربڕی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا.
