سودانی:بەڵێن بێت لە ئێمەوە بۆ ئێوە پاڵەوانەکانمان لە سوپای عێراق کە پشتیوانیتان لێ دەکەین و مافەکانتان دەپارێزین
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختیکردەوە کە بەڵێن بێت لە ئێمەوە بۆ ئێوە پاڵەوانەکانمان لە سوپای عێراق کە پشتیوانیتان لێ دەکەین و مافەکانتان دەپارێزین
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە ورایگەیاندئەمڕۆ سەد و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی هێمای سەروەریمان و ناونیشانی شانازییەکانمان و قەڵغانی وڵاتەکەمان، سوپای عێراقمانە کە بە قوربانییەکانی ئەفسانەی مەزنیان کێشا و بە خوێنی ڕۆڵەکانی خاکی عێراقیان لە خراپەکارییەکانی دوژمنان پاراست.
سەرۆک وەزیران وتیشی ئەگەر ئەو قوربانییە گەورانە نەبوایە، ئەوە عێراق سەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی بەخۆوە نەدەبینی.
ئاماژەیشیدا ئەم قوربانیدانە هەمیشە پاڵمان دەنێت بۆ پێشەوە و پابەندبوونمان بە سیستەمە دیموکراسییەکەمانەوە دوو هێندە دەکات و پێداگری و ئیرادەمان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی ئازاد و شکۆمەند زیاد دەکات، کە هەموو عێراقییەکان بە یەکسانی تێیدا بژین بەبێ جیاوازی و جیاکاری.
سەرۆک وەزیران دووپاتیکردەوە" بەڵێن بێت لە ئێمەوە بۆ ئێوە پاڵەوانەکانمان لە سوپای عێراق کە پشتیوانیتان لێ دەکەین و مافەکانتان دەپارێزین، بۆ ئەوەی لە پێشەوەی سوپاکاندا بن لە ڕووی ئاستی شەڕ و ئامادە باشییەوە.
سەرۆک وەزیران لەکۆتایی پەیامەکەیدا وتی سڵاوتان لێ بێت ڕۆڵەکانی سوپا پاڵەوانەکەمان بە هەموو ڕیز و پێکهاتەکانتانەوە و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هێزە چەکدارەکانمان و هەموو ساڵێک سوپاکەمان و گەلەکەمان لە خێر و خۆشیدابن.
