وەزیری بەرگری هۆڵەندا: لەگەڵ تێڕوانینی سودانی هاوڕاین لە گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانان بۆ پەیوەندی هەماهەنگی
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری بەرگری هۆڵەندا کەیسی ئۆلۆنگگرێن و شاندەکەی یاوەری.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە``لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کرا لەگەڵ چۆنیەتی پتەوکردنی هاریکارییەکان لە هەموو بوارەکاندا، هەروەها باس لە ئەو دۆسیە هاوبەشانە کرا کە لە میانەی سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ هۆڵەندا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بانگهێشتنامە فەرمییەی کە لە لایەن سەرۆک وەزیرانی هۆڵەنداوە پێشکەش کراوە``.
ئاماژەی بەوەکرد``سەرۆک وەزیران هەوڵەکانی هۆڵەندای بەرز نرخاند لە هاوکاریکردنی عێراق لە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆر و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ناتۆدا و جەختی کردەوە لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی عێراق یان پێشێلکردنی سەروەرییەکەی و پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ ئەو نێردە دیپلۆماسی و ڕاوێژکارانەی کە لە عێراق کاردەکەن لەگەڵ یارمەتیدانی نێردەی ناتۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان کە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەسەری ڕێککەوتوون، ئاماژەی بە بڕیارەکەی حکومەت کرد بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەنگاونان بۆ ئاستێکی دیکەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا.
سودانی جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری فراوانبوونی ناکۆکییەکان لە ناوچەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامبوونی شەڕی غەزە و تاوانە دڕندانەکانی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر دژ بە گەلی فەڵەستین و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشاریان بخەنە سەر بۆ ڕاگرتنی جینۆساید و سیاسەتی کوشتن و برسێتی، هەروەها فشارکردن بۆ سنووردارکردنی کردنەوەی بەرەی دیکە کە دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.
لە لای خۆیەوە، خاتوو ئۆلۆنگرێن سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و چالاککردنی پەیوەندییە باشەکانی نێوان عێراق و هۆڵەندا و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی وڵاتەکەی هاوڕایە لەگەڵ تێڕوانینی سودانی کە سەرکەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا پێویستی بە گۆڕینی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی بۆ پەیوەندی هەماهەنگی هەیە، ئەمەش دوای پەرەپێدانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هۆڵەندا لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا سەرکردایەتی نێردەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات لە عێراق و لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کار دەکات بۆ بەدیهێنانی تێڕوانینە نوێیەکەی لە ڕێگەی نێردەی ڕاوێژکاری ئەوروپاوە.
