کاساس: دەمانەوێت هەموو یاریەک ببەینەوە
سبەینێ هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق بەرامبەر ڤێتنام یاریدەکات و کاساسیش دوپاتیکردەوە دەیانەوێت لە هەموو یاریەکدا بردنەوە بەدەستبهێنن.
بڕیارە سبەینێ لە کاتژمێر دوو و 30 خولەکی پاشنیوەڕۆدا، هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق سێیەم یاری خۆی لە قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی ئاسیای 2023دا ئەنجامبدات بەرامبەر هەڵبژاردەی ڤێتنام.
هەڵبژاردەی نیشتمانی لەو یاریەدا بە ئامانجی ئەوەی کە پێشەنگی ریزبەندی مسۆگەر بکات دەچێتە یاریگاوە و پێویستی بە تەنیا یەک خاڵە بۆ ئەو ئامانجە، خیسۆس کاساسی راهێنەری عێراق بە نیازە چەند گۆڕانکاریەک لە پێکهاتەکەیدا بکات لەپێناو پشوودان بە یاریزانە سەرەکی و گرنگەکانی، هەروەها بەشداری پێکردنی ئەو یاریزانانەی تا ئێستا لە پاڵوانێتییەکەدا بەشداریان نەکردووە.
کاساس لە کۆنفرانسێکدا دوپاتیکردەوە، ئامانجیان ئەوەیە لە هەموو یاریەکدا بردنەوە بەدەستبهێنن ئەوەش مافی هەموو کەسێکە کە تۆپی پێ بکات چونکە هەموو بردنەوەیەک گرنگی خۆی هەیە.
کاساس دوپاتیکردەوە، دەبێتە یاریەکەی ژاپۆن لە بیر بکەن چونکە ئەوە بووە بە رابردوو، نابێت یاریزانەکان بیر لەو یاریە بکەنەوە چونکە کاریگەری لەسەر یارییەکانی داهاتوو دەبێت.
دڵنیاییدا لەوەی کە هەردوو هەڵبژاردەی ژاپۆن و کۆریای باشوور زۆر بەهێزن و پاڵێوراوی سەرەکین بۆ ئەوەی ببنە پاڵەوان، خۆی و هەڵبژاردەکەشی دەجەنگن لەپێناو نازناوەکە و دەبێت هەر یاریەک بیرکردنەوەی جیاوازی بۆ بکەن.
