عه‌وادی: سودانی بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پشت به سێ ره‌گه‌ز ده‌به‌ستێت
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق ئاماژه به‌وه ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیران بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پشت به سێ ره‌گه‌ز ده‌به‌ستێت.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 26ـی كانوونی دووه‌می 2023) باسم عه‌وادی، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق رایگه‌یاند، محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی پشت به سێ ره‌گه‌ز "راشكاویی، متمانه و هاوسه‌نگی" ده‌به‌ستێت.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان نه‌ك هه‌ر له عێراق، به‌ڵكو له ناوچه‌كه‌دا به‌رژه‌وه‌ندییان هه‌یه و خاوه‌نی هێزێكی زۆرن له ناوچه‌كه و نایانه‌وێت بۆچوونێكی وا له‌لایه‌ن وڵاتانی ناوچه‌كه دروست بێت، كه وا پیشان بدات ئه‌وان دۆڕاون.
وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق جه‌ختیشیكرده‌وه، كۆبوونه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی نێوان لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ی پیشه‌یی سه‌ربازی ده‌بن و تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیه‌تی ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كرێت له عێراق.
وتیشی، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه تایبه‌ت ده‌بێت به مه‌شقپێدان، پڕچه‌ككردن، كاری هه‌واڵگری و پلانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، پاشانیش هه‌وڵ ده‌درێت نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابنرێت بۆ كۆتاییهێنان به ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق.
