سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەفدێکی دادگای تەمییزی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازی لە دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان و وەفدێکی دادوەریی یاوەری کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:-لە دیدارەکەدا، کە لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر بایەخی پتەوکردنی هاریکاری نێوان دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی و دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ئاسانکاری بۆ کاری دادوەریی لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا. هەروەك ئاماژەیکرد بۆ پەیوەندی و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەنێوان سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بواری یاسادانان و پەسندکردنی یاسا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆمار باسی لە گرنگترین ئەو یاسایانە کرد، کە سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە بۆ پەسندکردنیان، هەروەها بەمنزیکانە پرۆژەیاسای دیکە پێشکەش بە ئەنجومەنەکە دەکات، کە پەیوەندییان بە خواست و پێداویستییەکانی هاووڵاتیانەوە هەیە.
لای خۆیانەوە ئەندامانی وەفدەکە پشتیوانیان بۆ پێشنیارەکانی سەرۆك کۆمار دەربڕی سەبارەت بە بایەخی فراوانکردنی هاریکاری نێوان دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی و دەسەڵاتەکان لە هەرێمی کوردستان، بەشێوەیەک کە بنەماکانی دادپەروەری بچەسپێنێت و بەشداربێت لە خێراکردنی کاری دادگاکان و یەکلاکردنەوەی دۆسییەکان.
كلمات مفتاحية
- سەرۆککۆمار
- دادگای تەمیزی کوردستان
- هاریکاری نێوان دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی و دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان
- چەسپاندنی دادپەروەری
